کارگەیەکی تایبەتمەندی پێوەندییە گشتییەکانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لەژێر ناوی “میدیای داهێنەر لە پێوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندنە ئاوەزمەندەکان” بەشێوەی مەجازی، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەرمانان بەڕێوە چوو.
ئەو کارگەیە بە هەوڵی بەشی هەڵسەنگاندن و ڕاهێنانی پێوەندییە گشتییەکانی جەماعەت، بەرنامەڕێژی و لەلایەن وانەبێژی سەودای میدیایی و ئەندامی ئەنجوومەنی سەودای میدیایی ئێران، عوسمان عەبباسی بەڕێوە چوو.
سەرەتا موحەممەد جەهانگیری، بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی ناوەندیی جەماعەت، ئەو بەشە لە جەماعەتی وەک تاکە بەشێک زانی کە لقێکی ئەکادیمییە و بە زانست و زانستێکی نوێی هەژمار کرد. ئەو مەبەست لە ئەنجامدانی ئەو کارگەیەی، کردنەوەی پەنجەرەیەکی نوێ بۆ بەرپرسانی پێوەندییە گشتییەکان بەگوێرەی شارەزایی و لێهاتوویییان زانی.
لە بەشی سەرەکی کارگەکە، عوسمان عەبباسی سەرەتا باسی لە گرنگی بابەتەکە کرد. ئەم چالاکوانە میدیاییە هێزی ڕاگەیاندنی لە دونیای خێرای ئەوڕۆدا گرینگتر لە هەر کاتێکی تر زانی و ئاماژەی بەوەدا کە: "ئەم کارگەیە یارمەتی بەرپرسانی پێوەندییە گشتیەکان دەدات کە بە کەڵکوەرگرتن لە ئامرازی نوێ، ڕاگەیاندنەکانی خۆیان بە باشترین شێوە ئاراستە بکەن.
ئەم ڕاهێنەرە میدیاییە گرنگی ڕاگەیاندنی لە دونیای ئەمڕۆدا ئاماژە پێدا و وتی تەنها ئەنجامدانی کاری چاکە بەس نییە و ئێمە پێویستە ڕاگەیێنەری باش بین بۆ ئەوەی ڕووداوەکان وەک پێویست بە بەردەنگان بگەیێنین.
پاشان عەبباسی ئیکۆسیستەمەکانی گشتگیری پێوەندی لە جیهاندا ڕوون کردەوە و لە گرنگترین بەشی باسەکەیدا وتی: "بە دروستکردنی ئیکۆسیستەمێکی گشتگیری پەیوەندی، دەتوانین کاریگەری ڕووداوەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی زیاد بکەین. لە شیکردنەوەی یەکێک لە مۆدێلەکانی پێوەندیی گشتگیر، گۆڕینی هەواڵەکان بۆ چیرۆکی کاریگەری ڕوون کردەوە و سێ هۆکاری کات و ناوەڕۆک و کەناڵەکانی پەیوەندیکردنی وەک گرنگترین پرسی گەیاندنی ڕووداوەکان هەژمار کرد".
ئەم بەرپرسەی جەماعەت لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە پێناسە و بەکارهێنانی ئاوەزی چێکراو لە ڕاگەیاندن کرد و ئاوەزی چێکراوی وەک یاریدەدەرێکی گونجاو بۆ پسپۆڕانی پێوەندییە گشتییەکان پێناسە کرد و جەختی لەوە کرد کە نابێ بانتر لە یاریدەدەرێک کار لەگەڵ ئاوەزی چێکراو بکرێت.
پاشان ئەم توێژەرە میدیاییە باسی لە پرسی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و ڕۆڵی پێوەندییە گشتییەکان لە کۆنترۆڵکردنیدا کرد. ناوبراو ئەرکی پێوەندییە گشتییەکانی لەو بوارەوە زۆر بە گرینگی هەژمار کرد و هەروەها وتی: ئەگەر پێوەندییە گشتییەکان ئامادە نەبن بۆ وەڵامدانەوەی ڕەخنە بچووکەکان، ئەگەری ئەوەی هەیە بابەتە بچووکەکان بۆ قەیرانی گەورە بگۆڕێنەوە. ئەو توێژەرە میدیاییە دەڵێت: “دەبێ بەڕێوەبەرانی پێوەندییە گشتییەکان بتوانن وەڵامی دروست و خێرا بدەنەوە بۆ ئەو پرسانەی کە لە ڕێکخراوەدا سەرهەڵدەدەن”.
لە بەشی کۆتایی گارگەکە، عوسمان عەبباسی پێوانەی کاریگەریی بانتر لە بەرهەم و ئامارەکان زانی و ئاماژەی بەوەدا کە "پێوانەکردن دەبێت لەسەر بنەمای ئەنجامەکان بێت نەک بەرهەمەکان".
شایانی باسە کە ئەم کارگەیە بە پرسیار و وەڵامی پسپۆڕانە کۆتایی هات، کە زیاتر لە ٥٠ بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی جەماعەتی تێدا ئامادە بوون.

بۆچوونهکان